ناوهڕۆك
ناساندن
پایتەختی تورکیا (بە عەرەبی: عاصمة تركيا، بە ئینگلیزی: Capital of Türkiye)، وڵاتی تورکیا شاری ئەنقەرە وەک پایتەختی فەرمی سیاسی و ئیداریی دەوڵەتەکەی دادەنێت، لە ڕووی ڕووبەرەوە وەک سێیەم شاری تورکیا پۆلێن دەکرێت، دەکەوێتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای ناوەڕاستی ئەنادۆڵ لە شوێنێک بەرزییەکەی ٨٥٠ م، لە ناوەڕاستی تورکیا لە نێوان هەردوو لقی ڕووباری کیزیلیرماک و ساکاریا، لە ڕۆژئاواوە هاوسنورە لەگەڵ پارێزگاکانی ئێسکیشەهیر، لە باکوورەوە کانکیری و بۆلو، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کەرکچەلی و قەرەشەهیر، هەروەها لە باشوورەوە لەگەڵ کۆنیا و ئاکسارەی هاوسنوورە.
مێژووی پایتەختی ئەنقەرە
مێژووی پایتەختی ئەنقەرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی برۆنزی، کاتێک شارستانیەتی هیتی لەو کاتەدا سەریهەڵدا، بە تایبەتی لە هەزارەی دووەمی پێش زایین، و ناویان لێنا ئەنکواش تا سەدەی ١٠ی پێش زایین، فریجیەکان دەستیان بەسەر شارەکەدا و دوای ئەوە ژمارەیەک شارستانییەت هاتنە شارەکە، کە لەلایەن لیدیەکان، فارسەکان، مەقدۆنیەکان، گەلاتیەکان، ڕۆمییەکان، بیزەنتینییەکان و عوسمانییەکان نوێنەرایەتی دەکرا. ئەو ماوەیەی کە فریجیەکان شارەکەیان داگیرکرد، لە ساڵی ١٠٠٠ پێش زایین دەستی پێکرد، بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت لە مێژووی ئەنقەرەدا، ڕووبەری شارەکە زیادی کرد و گرنگییەکەی زیادی کرد کاتێک گەلاتیەکان داگیریان کرد، شارەکە بۆ یەکەمجار بوو بەپایتەختێکی فەرمی و ناویان لێنا (Ankyra) (بە ئینگلیزی: Ancyra)، بە واتای لەنگەری، بەم شێوازە بەردەوام بوو تا کاتێک ڕۆمەکان داگیریان کرد، کردیان بە پایتەخت و ناوەندێکی بازرگانی و کولتووری و هونەری، کاتێک سەلجوقییەکان و عوسمانییەکان داگیریان کرد، ئەنقەرە بووە شوێنێکی گرنگ بۆ گواستنەوە و سامانە سروشتییەکان، بەهۆی شوێنە ستراتیژی و مێژووە گرنگەکەیەوە زۆرێک لە شارستانیەت و ئیمپراتۆریەتەکانی لەخۆگرتبوو.
ژمارەی دانیشتووان لە ئەنقەرە
ژمارەی دانیشتوانی ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتە نزیکەی ٥٫٢٧٩٫٣٥٠ کەس، نزیکەی ٨٨٪ یان لە ناوەندی شاردا دەژین، دانیشتوانی ژێر ٣٢ ساڵ نزیکەی ٥٠٪ی کۆی دانیشتوانی پێکدەهێنن، شاری ئەنقەرە جیاکراوەتەوە بە هەبوونی ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە، چونکە ڕێژەکانیان دەگاتە نزیکەی ١٥٪ی کۆی دانیشتووان.
زمان و ئایین لە ئەنقەرە
زمانی تورکی زمانی فەرمییە لە شاری ئەنقەرە و زمانی کوردی لە نێو ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووانی ئەم شارەدا بەربڵاوە، جگە لە زمانی فەرمی، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانەکەی بە زمانی فەرەنسی و ئەڵمانی و ئینگلیزی قسە دەکەن. لەڕووی ئاینەوە دانیشتوانی شارەکە پەیڕەوی ئیسلام دەکەن، موسوڵمانانی سوننە زۆرترین ڕێژەی لە هەموو موسڵمانان پێکدەهێنن، جگە لە ڕێژەیەک لە موسڵمانانی عەلەوی، لە کاتێکدا مەسیحییەکان ڕێژەیەکی کەمی دانیشتووان پێکدەهێنن.
شوێنی گەشتیاری لە ئەنقەرە
ئەنقەرە کۆمەڵێک شوێنی گەشتیاری جیاواز لەخۆدەگرێت، لەوانە:
١-قەڵای ئەنقەرە: قەڵاکە دەکەوێتە سەر گردێکی بەرز لە ئەنقەرە، ئەمەش وایکردووە کە ببێتە هێمای شارەکە بۆ سەدەی دووەمی پێش زایین. قەڵای ناوەوە و دەرەوەی قەڵا گرنگترین تایبەتمەندییەکەی بوونی ٢٠ تاوەری چوارگۆشەیە لە قەڵای دەرەوە، و ٤٢ تاوەری پێنجگۆشەیی لە قەڵای ناوەوە، کە بەرزییەکەی لە نێوان ١٤-١٦ مەتردایە.
٢-پەرستگای ئۆگستۆس: پەرستگاکە لەلایەن دوا کوڕەکانی گەلاتیەکان بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی هاتنی ویلایەتی گەلاتیاوە بۆ سەر ئیمپراتۆریەتی ڕۆم دروستکراوە، کەتایبەتمەندە بە دیوارە لاوەکییەکان، جگە لە دەرگای نەخشێنراوی پەرستگاکە کە دەکرێتەوە بۆ بەشی ناوەوەی.
٣-شانۆی ڕۆمانی ئەنقەرە: مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی دووەمی پێش زایین، وە بۆ یەکەمجار بەهۆی هەڵکۆڵینەکانی ساڵی ١٩٨٢ی زایینی دۆزرایەوە، ئەمڕۆ لە وێرانەکانی بنکەی شانۆکە و دیوارەکان و بەشی بینەر پێکهاتووە. هەروەها کۆمەڵێک پەیکەریش لەو شوێنە دۆزراونەتەوە.
٤-پردی ئاک کۆپرو: بە کۆنترین پردی شارەکە دادەنرێت، بەو پێیەی مێژووی دروستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٢٢ی زایینی، دەکەوێتە گەڕەکی ڤارلیک لەسەر ڕووباری ئەنقەرە، و شارەکە بە ڕۆژئاوای ئەنادۆڵەوە دەبەستێتەوە.
٥-بازاڕی مێژوویی سۆلۆ هان: مێژووی دروستکردنی بازاڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٨٥ زایینی، بە فەرمانی شێخ محمد ئەمین دروست کراوە، دەکەوێتە گەڕەکی دۆغان و پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دوکانی بازرگانی دابەشکراو بەسەر ٣ بەشدا: بەشی یەکەم پێکهاتووە لە دوو نهۆم، لە کاتێکدا بەشی دووەم دەکەوێتە لای باشوور و لە نهۆمێک پێکدێت، بەشی سێیەم و بچووکترینیش بازاڕێکی عوسمانییە کە دەکەوێتە لای ڕۆژئاوا.
٦-ستوونی جولیان: ستوونێکی بازنەیی درێژە و بەرزییەکەی دەگاتە ١٥ مەتر، لەسەر بنەمایەکی چوارگۆشە وەستاوە، لە خشتێک دروستکراوە کە لەسەر یەکتر کۆکراونەتەوە، پێدەچێت مێژووەکەی بۆ ساڵی ٣٦٢ پێش زایین بگەڕێتەوە.
٧-مزگەوتی کۆکاتێپە: بە گەورەترین مزگەوتی شاری ئەنقەرە دادەنرێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٧ زایینی، دیکۆری ناوەوەی پێکهاتووە لە کانزای زێڕ و شووشەی ڕەنگاوڕەنگ.
٨-مۆزەخانەی شارستانیەتەکانی ئەنادۆڵ: ئەم مۆزەخانەیە مێژووی ناوچەی ئەنادۆڵ لە سەردەمی بەردینەوە تا سەردەمی عوسمانی نمایش دەکات.
٩-مزگەوتی سوڵتان عەلائەدین: کۆنترین مزگەوتی ئەنقەرە، بەو پێیەی مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی ١٢ی زایینی.
١٠-مۆزەخانەی ئێتنۆگرافی: مۆزەخانەیەکە کە نەریتی تورکیا لە سەردەمی سەلجوقییەکانەوە تا ئەمڕۆ نمایش دەکات.
ئابووری لە ئەنقەرە
ئەنقەرە دووەم گەورەترین ناوەندی ئابووری تورکیایە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای نزیک لە یەکێتی ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا، ئاسیا، و بازاڕەکانی ڕووسیا، ئەمە جگە لە ژێرخانە مۆدێرنەکەی و ژمارەی زۆری ئەو گەنجانەی کە بنەمای هێزی کارن لەم شارەدا. هەروەها ئەنقەرە بە دووەم شاری پیشەسازی لە تورکیا دادەنرێت، بەو پێیەی هەندێک لە کارگەکانی ژمارەیەکی زۆر لە کەرەستەی بەکارهێنراو بەرهەم دەهێنن، گرنگترینیان بریتین لە: ئارد، شەکر، مەعکەرۆنی، بسکیت، شیر، چیمەنتۆ، مۆزایک، کەرەستەی بیناسازی، تراکتۆر، جگە لە پیشەسازییە خزمەتگوزاری و گەشتیارییەکان کە بەردەوام لە گەشەکردندان.